نێچيرڤان بارزانى و ئه‌لسوودانى دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
هەولێر – نۆرس پرێس
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ، گفتوگۆیان لەسەر پەرەسەندن و پێشهاتە نوێیەکانی سه‌ر ئاستى عێراق و ناوچەکە کرد و جەختیان لەسەر گرنگيی هاوکاری و هەماهەنگيی هاوبەش لەنێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکاندا کردەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، به‌يانيى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ، كۆبووه‌وه.
لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ لەسەر پەرەسەندن و پێشهاتە نوێیەکانی سه‌ر ئاستى عێراق و ناوچەکە کرا، هەروەها جه‌خت لە پێویستيی پشتگیريكردنی حکوومەتی فیدراڵ و سەرخستنی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومی کرايه‌وه، بە شێوەیەک کە دەستەبەری بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتيیان لە سەرانسەری وڵات بکات.
له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیدار بە بەرژەوەنديی هاووڵاتییان کرا و باشترین ڕێگەکان بۆ ڕێکخستنی پابەندييه‌كانى نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حكوومه‌تى هەرێمى كوردستان، بەپێی بنەماکانی دەستوور و یاسا، تاوتوێ كران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی هاوکاری و هەماهەنگيی هاوبەش لەنێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکاندا کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و لابردنی سەختییەکان لە وڵات، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاته‌كانى گەلی عێراق بەدی بهێنێت و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەريی نیشتمانی بەهێز بکات