بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا هۆشداری دەدات لە كشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای كوردستان
دیمەشق- نۆرس پرێس
جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دوێنێ هەینی هۆشداری دا لە مەترسی كشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای كوردستان.
تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ دەستپێکردنی لەشكركێشی لە رۆژئاوای كوردستان، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریا لە کانونی یەکەمی ڕابردوو هێرشەكانی چڕتر كردۆتەوە.
بۆڵتن بە تەلەفزیۆنی “حوڕە”ی راگەیاندووە، ئەگەر ئەم هەنگاوە بنێن، ئەوە دەبێتە “لێدانی کورد”، بەتایبەتی لەگەڵ مەترسی هەڵهاتنی چەکدارانی داعش لەو زیندانانەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” بەڕێوەی دەبەن.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووخانی ئەسەد “ڕەنگە دۆخی باکوری وڵات و رۆژئاوای كوردستان ئاڵۆزتر بکات، بەتایبەتی كە ئەوە لە بەرژەوەندیی تورکیا دایە لە ناوچەکەدا”.
بۆڵتن ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گرت، کە هەڕەشەی دەستپێکردنی لەشكركێشی دەكات لە رۆژئاوای كوردستان، و دەڵێت ” هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی خواستی عوسمانییەکان، و دەستی بۆ رۆژئاوای كوردستان و باکووری سوریا درێژبکاتەوە، و دەڵێت ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی ناتۆ نییە، سەرەڕای ئەندامێتی تورکیە تێیدا”.