جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی: دیدارێکی ئەرێنیمان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا ئەنجامدا

حەسەكە – نۆرس پرێس

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی ئەمڕۆ هەینی بە كەناڵی سکای نیوز عەرەبی راگەیاند، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنییان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا ئەنجامدا، سەبارەت بە چەندین بابەتی گرینگ لە وڵات.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا ، کۆمەڵێک تەوەر و بابەت تاوتوێ کراون، و کۆدەنگی و ڕێککەوتن لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە ئایندەی سوریا هەبووە.

مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، ئەوان بەشێک دەبن لە سوپای نوێی سوریا، ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستا بەفەرمی بانگهێشتی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی نەکراون، بەڵام داوای كرد كە سەرجەم پێکهاتەکانی سوریای بەشداری تێدا بكەن.

سەبارەت بەو هێرشانەی تورکیا و میلیشیاكانی دەیكەنە سەر رۆژئاوای كوردستان و رێککەوتنی ئاگربەست، عەبدی رایگەیاند، كە پابەندن بە ئاگربەست لەگەڵ تورکیا، بەڵام ناچارن بەرگری لە خۆیان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی دانوستانەوە کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەكان لەگەڵ تورکیا، روونیشیکردەوە، تورکیا دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی لە پڕۆسەی سیاسی سوریادا بگێڕێت.

عەبدی لەمیانی دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە هەماهەنگییان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پتەوتر کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، راشیكەیاند، کە ئامادەن بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا بۆ بە بەرەنگاربوونەوە و تیرۆر.

داڕشتنەوەی: سەعد یازجی