کاردانەوەکانی شەهیدکردنی “ژینا ئەمینی”

گڵکۆی شەهید ژینا ئه‌مینی ته‌مه‌ن 22 ساڵ - وەرگیراو

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

پێرێ، هەینی، ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن پۆلیسی تاران بە بیانووی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی ئەشکەنجە درا و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، رووداوەکە ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە

دوێنێ تەرمی ژینا ئەمینی لە تارانەوە گەیێندرایەوە شاری سەقز و لە گۆڕستانی ئایچیی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێوڕەسمێکی جەماوەرییدا بە خاک سپێردرا.

جگە لە کاردانەوەی چالاکوانی کوردی هەرچوار پەرچەی کوردساتان، لە زۆر شوێنی جیهان و لە لایەن خەڵکان و رۆشنبیر و نوسەر و هونەرمەندانی ئێرانیشەوە، کاردانەوەی و سەرکۆنەی ئەو کارەی پۆلیسی تاران کرا.

کاردانەوەی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و جیهان بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی بەشێوەیەکی بەرفراوەن تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تەنی، بە جۆرێک لە تویتەر هاشتاگی #mahsa_amini  دوو ملیۆن تویت و یازدە ملیۆن لایکی تێپەڕاند، هەروەک لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەشدا کاردانەوەکان زۆر فراوان بووە.

لەمبارەشەوە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستان ئێران، داوایان لە خەڵک کرد بۆ مەحکومکردنی ئەو تاوانە، رۆژی دووشەممە 19ـی ئەیلول، لە تەواوی کوردستان بە گشتی مانبگرن.

بەڵام لە ئاستی هەرێمی و جیهانیدا هیچ دامودەزگایەکی حکومی نە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە حکومەتەکانی تر، بە فەرمی سەرکۆنەی روداوەکەیان نەکرد و رۆڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهاندا زۆر لاواز بوو.