بەرگری ئەمریکا: پێویستە لە سوریا بمێنینەوە بۆ ئەوەی دوای کەوتنی ئەسەد داعش نەگەڕێتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە هێزەكانی ئەمریکا لە سوریا بمێنەوە، بۆ ئەوەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” دوای رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، نەتوانێت جارێکی دیکە هەڕەشەیەکی گەورە دروست بکاتەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا هۆشدارییان دا لە مەترسی گەڕانەوەی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە، داواشیان کرد کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بپارێزرێن، و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ڕابگیرێت، بۆ ئەوەی “هەسەدە” سەرقاڵ نەکەن لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی “داعش”.

ئۆستن بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاند، “هێشتا پێویستە هێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچەیە بمێنەوە، بەتایبەتی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی زیندانەكانی داعش و كەمپی خێزەنەكانیان، كە دەیان هەزار چەکداری داعشیان تێدایە”.

ئۆستن لە بنکەی ئاسمانی رامشتاین لە ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشكرد: پێموایە چەکدارانی داعش دەگەڕێنەوە ئەگەر سوریا نەپارێزرێت.

داڕشتنەوەی: تەیسر محەممەد