شرۆڤەکارێكی سیاسی: لێدوانەکانی فەرەنسا سەبارەت بە پشتیوانی لە کورد ترسی وڵاتانی ئەوروپییە لە گەڕانەوەی داعش
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئیبراهیم شەعەیب، شرۆڤەکاری سیاسی کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ڕایگەیاند، لێدوانەکانی فەرەنسا بۆ پشتیوانیکردنی کورد لە سوریا، ترسی ئەوروپییەکانە لە گەڕانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” و قۆستنەوەی پێشهاتە سەربازییەکان و فراوانکردنی بازنەی هێرشەکانی بۆ هەموو جیهان.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستبەرداری ئەو چەکدارە کوردانە نابێت کە شەڕی تیرۆریان كرد لە سووریا.
هەروەها ماکرۆن دوپاتیكردەوە كە “وەفاداردەبن بۆ شەڕڤانە ئازادیخوازەكان وەک کورد کە شەڕی تیرۆر دەکەن بەتایبەتی داعش”
ئیبراهیم شەعەیب بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی ترسیان لە “تەشەنەکردنی داعش” لە ناوچەکە و ئەوروپادا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، فەرەنسا کورد وەک هاوپەیمانی خۆی لە دژی داعش دەبینێت، لێرەوە پاڵپشتی فەرەنسا بۆ کورد دێتە ئاراوە بۆیە فەرەنسا دەیەوێت کورد هەڵوێست و دەنگی هەبێت لە سوریا و بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بکات.
لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ڕابردوودا، هێزەکانی فەرەنسا جێبەجێکردنی هێرشی ئاسمانییان لەدژی داعش ئەنجامدا لە ناو خاکی سوریا.