بەڕێوبەرایەتی خۆسەر داوا دەكات هەموو پێكهاتەكانی سوریا لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسیدا بەشداربن
رەقە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان داوای کرد کە ئیدارەی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع نوێنەرایەتی هەموو سوریاییەکان بکات.
حوسێن عوسمان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوبەرایەتی خۆسەر رایگەیاند، ئیدارەی نوێی سوریا پێویستە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بکات لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و داڕشتنی داهاتووی وڵاتەکەدا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد” ئێمه زۆر پێویستمان به ئه نجامدانی کۆنفرانسێکی نیشتمانی هەیه که هەموو هێزه سیاسییەکانی سوریا بەشداری تێدا بکه ن”، ئاماژەی بەوەشدا كە به پێویستی قبۆڵنەكرێت وڵاتانی دەرەكی دەستوەردان لە دۆخی ناوخۆی سوریا بكەن، و دوور بكەونەوە لە پێشبینییە تەسکەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوریا بە وەرچەرخانێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت، بۆیە دەبێت هەنگاوەکانی گواستنەوەی سیاسی بەباشی هەنگاوی بۆ بنرێت بۆ ئەوەی وڵاتەکە سەقامگیربێت.
عوسمان جەختی لە پێویستی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکاری کۆنفرانسی نەتەوەیی و بەشداریی هەموو سوورییەکان لە ئامادەکارییەکان و لە کۆنفرانسەکەدا كردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر دەستپێشخەری كردووە بۆ گفتوگۆی سوری – سوری، بەوپێیەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان باوەڕی بە گفتوگۆ هەیە.
ڕوونیشیکردەوە، دەستپێشخەرییەکەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لەسەر بنەمای ناسنامەی سوریا و دووپاتکردنەوەی سەروەری ئەو وڵاتە هاتووە، کە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە پێشێل دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەڕێوبەرایەتی خۆسەر پێی وایە سوریای نوێ لامەرکەزی پێویستە، بەڵام ئەم بابەتە لە کۆنفرانسی نیشتمانی یان لەڕێگەی دیالۆگەوە تاوتوێ دەکرێت”.
ئاماژەی بە دەستێوەردانەکانی تورکیا لە سوریا کرد بە “نەرێنی” و تێكدانی سەقامگیری ناوی برد.