هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: لە سوریا و عێراق شەڕمان لەگەڵ داعش کرد

دێرەزوور – نۆرس پرێس

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، جەند حەشارگەیەكی داعشیان کردووەتە ئامانج و لە سوریا و عێراق پێکدادانیان لەگەل ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە ئەنجامداوە، هاوکات هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرکردەیەکی داعشیان دەستگیرکرد.

لە راگەیێندراوێكدا سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە دووی ئەم مانگەدا، هێزەکانی سوریای دیموكرات بە پاڵپشتی هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی داعش لە نزیک دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە، و لە ئەنجامدا سەركردەی شانە هێرشبەرەكانی داعش دەستگیرکرا.

دووپاتکردەوە، كە ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پرڵاین (CJTF – OIR)، بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.

لە کاتێکدا فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا و هێزەکانی عێراق چەندین هێرشیان لە چیای حەمرین لە دژی داعش ئەنجامدا و چەند حەشارگەیەكی داعشیان کردە ئامانج.

فەرماندەیی ناوەندی ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکان راگرتنی تواناكانی داعشە، بۆ ئەوەی نەتوانێت پلان دابنێت و خۆی رێكبخاتەوە و هێرش لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکە، و هاوڵاتیانی ئەمریکی و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی لە سەرتاسەری ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە ئەنجام بدات.

بەگوێرەی سێنتکۆم ، ئەندامانی داعش لە چەند شوێنێكدا لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان شەڕیان کردووە، و هاوپەیمانان هێرشی ئاسمانییان بە فڕۆکەکانی، A-10 وF-15 و F-16 ئەنجامداوە فڕۆکەکانی A-10 سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی چەکدارانی داعش لەناو ئەشکەوتێکدا،.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامێکی هاوپەیمانان کوژراوە و دوو کەسی دیکە لە دوو وڵاتی جیاواز برینداربوون. هیچ زیانی گیانی لە نێو هێزەکانی ئەمریکادا نەبووە و هیچ زیانێکیش بە کەرەستە سەربازییەكان نەگەیشتووە.

جەنەڕاڵ مایکل ئێریک کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی وەک ئەمانە بۆ فشارخستنە سەر داعش و ڕێگریکردن لە سودوەرگرتن لە گۆڕانكارییە خێراكان لە ناوچەکەدا زۆر پێویستە.

ئاماژەی بەوەشکرد: شکستی هەمیشەیی داعش هەوڵێکی جیهانییە، کە پەیوەستە بە هاوپەیمانی و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمانەوە، و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش هەروا پابەندە بە شكستپیهێنانی ئەو تیرۆریستانە کە هەڕەشە لە ناوچەکە و هاوپەیمانەکانمان و هاووڵاتیانمان دەکەن.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان