باڵیۆزخانەی ئەمریکا: لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی دیمەشق باسمان لە نوێنەرایەتیکردنی هەموو سوریاییەکان کرد لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسیدا
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق رایگەیاند، بەرپرسانی ئەمریکا دوایین پێشهاتەکانی سوریایان لەگەڵ ئەسعەد حەسەن شێبانی وەزیری دەرەوەی حکومەتی كاربەڕێكەری سوریا تاوتوێ کردووە.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەنیازە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا سەبارەت بە دۆخی سوریا لە رۆما ئەنجام بدات.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا، ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی ئەمریکی لەگەڵ شیبانی کۆمەڵێک بابەتیان تاوتوێ کردووە، لەوانە پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە ناوخۆی سوریا، گرنگی نوێنەرایەتیکردنی هەموو سوریاییەکان لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسیدا، هەروەها “فەرەچەشنی لە سوریا وڵات بەهێز دەکات”.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە هانی داون بۆ ئەوەی کار لەگەڵ ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بكەن.