واشنتۆن و پاریس باس لە مەترسییەکانی داعش و دۆخی سووریا دەكەن
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی، ژان نۆئێل بارۆ ئەنجامداوە، و باسیان لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی ناسەقامگیری لە سوریا کردووە، لەنێویاندا مەترسییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”.
دوێنێ چوارشەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق رایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی نوێدا لەگەل گەلی سوریا وەستاون.
نووسینگەی ماسیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “بلینکن و بارۆ باسیان لە ڕێگاکانی یارمەتیدانی گەلی سوریا کردووە، بۆ ئەوەی دەرفەتی بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ ئەو وڵاتە بێتەدی، لە هەمان کاتدا باسیان لە كەمكردنەوەی مەترسییەکان كردەوە، لەنێویاندا مەترسییەكانی داعش”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو وەزیری فەرەنسا و ئەمریکا باسیان لە پێویستی پرۆسەی گواستنەوەی هەمەلایەنە بە سەرکردایەتی سوریا کردووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، بلینکن جەختی لەسەر پێویستی رێزلێنان لە “هەموو پێكهاتەكانی سوریا، و پاڵپشتی لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێكی خۆپارێزی پێویست بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و کەمینەکان، كردەوە.”
بلینکن داوای پشتیوانی نێودەوڵەتی كرد بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان و ئەوانەی بە ناڕەوا لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی پێشووی سوریادا دەستبەسەرکراون، لەنێویاندا ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی بێسەروشوێن لە سوریا، ئۆستین تایس.