شرۆڤەکارێكی عێراق: فراوانبوونی دەسهەڵاتی تورکیا لە سوریا سەرەتای هەژموونی ئەو وڵاتەیەی بۆ سەر عێراق
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراقی رایگەیاند، ئەنقەرە دەیەوێت دۆخی ئێستای سوریا بقۆزێتەوە بۆ “داگیرکردنی ناوچەی زیاتر لە سوریا”، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی ترسی لە هەژموونی تورکیا هەیە كە “دەبێتە سەرەتای هەژموونی بەسەر عێراقدا”.
دووشەممەی ڕابردوو، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دایە ئیدارەی نوێی سوریا، كە رێگا نەدەن تورکیا دەست بەسەر جومگە و تواناکانی سوریادا بگرێت، و داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد سوریا بەجێنەهێڵن.
مەشهەدانی لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی عەرەبییە/حەدەس ڕایگەیاند، هەژموونی تورکیا “لە سوریا ڕوونە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمە جێگەی نیگەرانییە، بەو پێیەی نامانەوێت توركیا بخەینە جێگەی ئێران”.
عەبدوڵڵا شەلەش، شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، عێراق ئەزموونی لەگەڵ ئەنقەرەدا هەیە، ”ئەویش بە بیانووی شەڕکردن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، زەوی عێراقی داگیرکرد، ئێستاش هەمان درۆ بۆ داگیرکردنی ناوچەی نوێ لە سووریا بەکاردەهێنێت. ”
ئاماژەی بەوەشکرد، “دەستوەردانی تورکیا لە سەر سوریا هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر عێراق دروست دەکات”.
شەلەش ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ ئەوەی لەگەڵ سوریا بوەستین، پێویستە کردەوە دوژمنکارییەكانی تورکیا لە سوریا و عێراق ئیدانە بکەین و ڕەتی بکەینەوە.