
249 هێرشی داعش لە ساڵی 2024دا سەدان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
لەماوەی ئەمساڵدا، داعش 249 هێرشی ئەنجامداوە کە بەسەدان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، ئەم هێرشانە هەڕەشەی بەردەوامی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە لە سوریا نیشان دەدات.
بەپێی بەیاننامەیەکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “ئینسایت” بۆ نۆرس پرێس، هێرشەكانی داعش بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ٨٥٣ کەس، ژمارەی کوژراوەکان لە ٤٩٤ كەسە و بریندارەكانیش ٣٥٩ كەس.
بەپێی زانیارییەكانی نۆرس پرێس لە ساڵی 2023دا ٥٧٥ کەسی لە ئەنجامی هێرشەكانی داعش كوژراون، كە ژمارەی قوربانیان بە بەراوەرد بە ساڵی 2024 بەرێژەیەكی بەرجاو زیادی كردووە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، لە ساڵی 2023دا 73 ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان لە دژی داعش ئەنجامداوە و 352 ئەندامی شانەکانی ڕێکخراوەکەیان دەستگیرکردووە.
لەم دواییانەدا بەرپرسانی ئەمریکا هۆشدارییان دا لە گەڕانەوەی ئەو داعش، ئەویش بەهۆی پێشهاتە سەربازییەکانی سوریا لە دوای ڕووخانی ئەسەد و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.
هەردوو سیناتۆر کریس ڤان هۆلنی دیموکراتەکان و لیندسی گراهامی کۆماریخواز، هەڕەشەی سەپاندنی سزایان بەسەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا كرد، ئەگەر ئەنقەرە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە توركیا ناچار نەکات ئاگربەست لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانی پشتیوانیکراوی ئەمریکا لە رۆژئاوای كوردستان بكەن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات.
ئەو دوو بەرپرسە هۆشداریشیان دا کە هێرشەکانی تورکیا هەڕەشە لەو ئەركە گرینگە دەكەن كە رۆبەڕوبونەوەی داعشە، ئەویش ئەو ئەركەیە كە هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ هاوبەشەکانی لە وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجای دەدەن.