ئەحمەد شەرع باسی کۆنفرانسی نیشتمانی و دانوستان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

فەرماندەی بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سوریا، ئەحمەد شەرع، باسی لە کۆنفرانسی نیشتمانی و سەرژمێری گشتگیر لە سوریا دەكات و رایگەیاند، لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دانوستان دەكەین و سوپا لە سوریا هێزە کوردیەکانیش لەخۆدەگرێت .

شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “حەدەس” ئاماژەی بەوەكرد كە ڕێکخستنی هەڵبژاردن لە وڵاتەكەی ساڵانێکی زۆری دەوێت، و ڕزگارکردنی سوریا “گەرەنتی ئاسایشی ناوچەکە و کەنداو و سوریا بۆ پەنجا ساڵی داهاتوودا دەکات”.

شەرع ئامادەیی دەستەی تەحریر شامی بۆ هەڵوەشاندنەوە لە كاتی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیدا کە هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە کۆدەکاتەوە دەربڕی، راشیگەیاند “خۆپیشاندان مافی هاووڵاتییە بۆ دەربڕینی بۆچوونەكانیان.”

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەزموونی ئیدلب بۆ هەموو سوریا گونجاو نییە،” ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراندنەکانی ئێستا “کاتیین” و هیچ کەسێک بەدەر ناکەن، بەو پێیەی پێویستیان بە هاوئاهەنگی یەک ڕەنگ هەیە، لەکاتێکدا ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ حکومەتێکی کاتی بۆ ماوەیەکی درێژتر.

ئاماژەی بەوەدا کە “سوریا پێویستی بە نزیکەی ساڵێکە بۆ ئەوەی هاوڵاتی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە خزمەتدا ببینێت”، راشیگەیاند “هیچ نیگەرانییەک لە ناوخۆی سوریادا نییە، بەو پێیەی سوریاییەکان پێکەوە دەژین” و جەختی لەوە کردەوە کە “سوریا نابێتە سەرچاوەی ناڕەحەتی بۆ هەر کەسێک و بە عەقڵیەتی دەوڵەتی وڵات بەڕێوە دەبەین”.

فەرماندەی بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان جەختی لە یەکڕیزی سوریا کردەوە و دەڵێت: “بەهیچ شێوەیەک دابەشبوون و فیدرالی لە سوریا نییە” دەڵێت کە ئیدارەی ئێستای وڵات لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دانوستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە رۆژئاوای كوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە پێکهاتەکانی سوریا و هێزە کوردییەکان لە سوپای سوریادا ئامادە دەبن.

شەرع ستایشی لێدوانەکانی ئەم دواییەی سعودییەی بەرامبەر بە سوریا کرد و بە ” ئەرێنی” ناوی برد و ئاماژەی بەوەشکرد، ڕیاز بەدوای سەقامگیری سوریادا دەگەڕێت، هەروەها دەرفەتی وەبەرهێنانی گەورەی لەو وڵاتەدا هەیە.

ناوبراو داوای لە ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا کرد ئەو سزا ئابووریانەی بەسەر سوریادا سەپێنراو لاببات و رایگەیاند: هیوادارین ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا سیاسەتی پێشتر نەگرێتەبەر.

شەرع داوای لە ئێران کرد بە دەستێوەردانەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بچێتەوە و ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە نەچووینە ناو تاران و نە باشووری لوبنان، بەڵکو لە شار و گوندەکانی خۆمانین، ئێمە چاوەڕوانی لێدوانی ئەرێنیمان لە ئێران دەکرد، دەبوو خۆی لەگەڵ گەلی سوریادا نیشاندابایە”.

ئاشکراشی کرد کە “لیژنە یاساییەکان بەدواداچوون بۆ بابەتی داوای قەرەبووکردنەوە لە وڵاتان دەکەن”، دەشڵێت “نامانەوێت ڕووسیا بە شێوەیەک دەربچێت کە لەگەڵ پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا نەگونجێت”.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان