میدیاکانی سوریا: کۆنتڕۆڵکردنی بەنداوەکان و سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن ئیسرائیلەوە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاو هەیە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕادیۆی شەم ئێف ئێم ڕایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان بەسەر سەرچاوە گرنگەکانی ئاو و بەنداوەکان گرتووە لە گوندەواری قنەیتەرە و دەرعا لە باشووری سوریا، ئەویش دوای ئەوەی دەستیان بەسەر ناوچەیەكی بەرفرەوانی سوریادا گرت، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد.
دوێنێ، چوارشەممە، دوای ئەوەی هێزەكانی ئیسڕائیل چوونە ناو شارۆچكەی قنەیتەرە، خەڵكی ناوچەكە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بەهۆیەوە، شەش کەس برینداربوون.
شەم ئێف ئێم لە زاری سەرچاوەكانی ناوچەكە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل سەرچاوە گرنگەکانی ئاو و بەنداوەکانی لە گوندەواری قنەیتەرە و دەرعا کۆنترۆڵکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاو لە سوریادا هەیە دوای کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە گرنگەکانی ئاو و بەنداوەکانی لە گوندەوری قنەیتەرە و دەرعا، لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە، هەروەها نزیكن لەوەی كە سەرچاوە ستراتیژییەکانی ئاو لە چیای شێخ كۆنتڕۆڵ بكەن، كە ئاوی زۆربەی ناوچەکانی گوندەواری دیمەشق و دەوروبەری لەسەر ئەو سەرچاوانەیە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆی ژمارەی ئەو خاڵانەی کە ئیسرائیل دروستی کردووە، لە ناوچەكە “لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، نزیکەی ١٢ خاڵە، ئەمە جگە لە دانانی خاڵە نوێ لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە ناوچەكانی رەوازی و ئوم عەزام و بەنداوی مونزەرە لە گوندەواری قنەیتەرە.”