شرۆڤەکارێكی تورک: واشنتۆن متمانەی بە میلیشیاكانی سەر بە ئەنقەرە نییە و بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی “هەسەدە”
قامشلۆ – نۆرس پرێس
شرۆڤەکارێکی سیاسی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، ئەمەریکا متمانەی بە میلیشیاكانی سەر بە تورکیا نییە، و بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.
دوێنێ یەکشەممە، جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، کورد لە سوریا، باشترین هاوبەشن بۆ ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا.
پێنجشەممەی ڕابردوو ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بڕیاریدا 147 ملیۆن دۆلار لە چوارچێوەی بودجەی بەرگری ساڵی 2025 بۆ پاڵپشتیکردنی “هسەدە” تەرخان بکات.
جەواد کۆک، شرۆڤەکاری سیاسی تورکیا، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، واشنتۆن بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، چونکە متمانەی بە میلیشیاكانی سەر بە توركیا نییە، هەروەها “هەسەدە” کە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکات، “هێزی شایستەترینە” بۆ متمانەی ئەمریکا”.