فەرماندەی “هەسەدە”: داعش بەنیازە هێرش بکاتە سەر ئەو شوێنانەی كە ئەندامانی ئەو رێكخراوە لە رۆژئاوای كوردستان تێدا زیندانی كراون
دیمەشق – نۆرس پرێس
ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، زانیارییان هەیە لەسەر پلانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” بۆ دەستپێکردنی هێرش، بۆ سەر ئەو دامەزراوانەی کە ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە رۆژئاوای كوردستان، دەستیانبەسەردا گیراوە.
عەبدی لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “the World”ی بەریتانی رایگەیاند، زانیاری هەواڵگریمان هەیە سەبارەت بە پلانەکانی هێرشکردنە سەر ئەو دامەزراوانەی کە ئەندامانی داعش یان خێزانەکانیان تێدا دەستبەسەركراون.
عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی تورکیا میلیشیا چەكدارەكانی، کاریگەری لەسەر بڵاوەپێکردنی هێزەکانیان هەیە، ئەمەش لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر “ئاسایش و پاراستنی ئەو دامەزراوانە” هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، “بەجدی كاردەكەین بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە لەژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێننەوە”.
فەرماندەی “هەسەدە” ئاماژەی بە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ کرد و وتی: “چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەرپرسانی ئەمریکا و ئیدارەی ئێستای ئەمریکا فشاری پێویست بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی ڕێگری لێبكرێت كە هێرش بكاتە سەر كۆبانێ و بگەنە رێككەوتن بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەو شارەدا.
ژەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی ئاماژەی بەوەشكرد، لە کۆبانێیەوە هاوکاری و پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ ئەمریکا دەست پێکرد، لەوێشەوە دەستمان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو کرد كە شكستمان بە داعش هێنا “ئێستا ئەم شارە لە ژێر هەڕەشەدایە، و وەك ئەركێكی ئەخلاقی پێویستە ئەمریكا بیپارێزێت.”
سەبارەت بە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەستەی تەحریر شام، عەبدی ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکان لە ئێستادا تەنها ” ئەمنی”ن، ئاماژەی بەوەشکرد: “لێدوانەكانی ئیدارەی نوێ لە دیمەشق، ئەرێنین و ئێمە پێشوازییان لێدەکەین.”
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرقاڵی پاراستنی رۆژئاوای كوردستانن لە هێرشەکانی تورکیا، “بۆیە هێشتا هیچ شاندێکیان بۆ دیمەشق نەناردووە.”
ئاماژەی بەوەشکرد، کوردەکان لەسوریا لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی تیرۆریان کردووە، “و پێویستە مافە دەستوورییەکانی خۆیان بەدەستبهێنن، و شایەنی ئەوەن”.
عەبدی هیوای خواست، کە ئیدارەی داهاتوو لە واشنتۆن یارمەتی سوریاکان بدات بۆ گەیشتن بە سوریایەک کە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان بکات “ئێمە لە ئێستاوە کار دەکەین و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا هەیە، و بەردەوام دەبین لەم پەیوەندییە بەهێز و باشە”.