مانگرتنێكی گشتی لە شاری مونبج دەستی پێكرد بەهۆی پێشێلكارییەكانی توركیا

مونبج – نۆرس پرێس

میدیاکانی سوریا، ئەمڕۆ یەکشەممە رایانگەیاند، لە شاری مونبجی باکووری سوریا، میلیشیاكانی سەر بە توركیا، پێشێلکاری و دزین و دەستگیرکردن و تاڵانکردنی پارەیان لەو شارەدا دەستپێكردووە، ئەویش دوای هەفتەیەك لە دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن ئەو میلیشیانەوە.

دانیشتوان و چالاکوانانی شاری مونبج ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ژێر دروشمی “مانگرتنی کەرامەت”،وەك ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پێشێلكارییەكانی میلیشیای “جەیش وەتەنی” سەر بە تورکیا، ئەو مانگرتنەیان راگەیاند.

 لە 12ی ئەم مانگە، کۆمەڵەیەکی مافی مرۆڤ کۆمەڵێک پێشێلکاریی میلیشیاكانی سەر بە توركیای لەشاری مونبج بەبەڵگەكرد، و داوای لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەو کەسانە کرد کە بەرپرسیارن لە پێشێلکارییەکان.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە شاری مونبج پێشێلكاری لە دژی هاوڵاتییان ئەنجام دەدرێت، “بەو پێیەی سەدان هاوڵاتی مەدەنی ماڵەكانیان تاڵان و دەستی بەسەرداگیرا، لەلایەن میلیشیای جەیش وەتەنی، ئەویش بەتومەتی ئەوەی كە پەیوەندییان بە  هێزەکانی سوریای دیموکرات هەیە، هەرچەندە زۆربەیان هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا نییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە هاوڵاتیانی مونبج ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە، ”بەشێكیان ئۆتۆمبێلەکانیان لێ دەستێندرێت بەشێكیشیان موڵک و ماڵییان دەستی بەسەردادەگیرێت”.

راشیگەیاند، هەروەها بەشێك لە هاوڵاتییان لە ماڵەکانیان دەرکراون و دەست بەسەر ماڵەکانیاندا گیراوە، ئەم پێشێلكارییانە تەنها بۆ ئەو کەسانە نیە كە پەیوەندییان بە “هەسەدە”وە هەیە، بەڵکو زۆرێک لە کەسانی بێتاوان دەگرێتەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بەم ململانێیەوە نییە.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە