“مەسەدە” داوا لە وڵاتانی عەرەبی دەکات ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە پشتیوانیکردنی چارەسەری هەمەلایەنە بۆ سوریا
حەسەکە – نۆرس پرێس
لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە دوێنێ هەینی بەڕێوەچوو، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد کە ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە پشتیوانیکردنی چارەسەری هەمەلایەنەی بۆ قەیرانی سوریا.
دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات “کۆبوونەوەیەکی بەپەلە”ی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی سوریا، و رایگەیاند ” گرنگە ئاگربەستێکی هەمەلایەنە وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بەرەو چارەسەری سیاسی لە سوریا بگیرێتەبەر”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو هێرشانەی میلیشیای”جەیش وەتەنی” سەر بە توركیا، كە دەیكەنە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.
لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی “مەسەدە” هۆشداری لە مەترسییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی، “داعش” داوە کە هەوڵدەدات ئەو ئاژاوە بقۆزێتەوە و خۆی ڕێکبخاتەوە.
ئامادەبووان جەختیان لەسەر پێویستی بەهێزکردنی یەكڕێزی نیشتمانی و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان لە رۆژئاوای كوردستان کردەوە، و داوایان لە وڵاتانی عەرەبی کرد کە ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە پشتیوانیکردنی چارەسەری هەمەلایەنەی بۆ قەیرانی سوریا.
لە کۆبوونەوەکەدا داوای دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بەگوێرەی شەرعیەتی نێودەوڵەتی كرا، هەروەها داوای سازدانی کۆبوونەوەی نیشتمانی وەک ئامادەکارییەک بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی هەمەلایەنە کە گوزارشت لە خواستەکانی سوریاییەکان دەکات و نەخشەڕێگایەک بەرەو ئاشتی كرا.