دوای هێرشکردنە سەر بەنداوی تیشرین شاری كۆبانێ بێ ئاو بووە

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند، دوای هێرشی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین، باشووری شارۆچکەی سریین کە دەکەوێتە باشووری کۆبانێ، چوار ڕۆژە بێ ئاو بووە.

پێنجشەممەی ڕابردوو هاوسەرۆکی دەستەی وزە لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان، هۆشداری دا لە ڕووخانی بەشێک لە بەنداوی تیشرین بەهۆی ئەو هێرشانەی لەلایەن میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە توركیاوە دەكرێتە سەر.

زۆزان خەلیل هاوسەرۆکی بەڕێوبەرایەتی ئاوی کۆبانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی میلیشیاكان هێرشیان كردە سەر بەنداوی تیشرین، وێستگەی ئاوی سەر بەو بەنداوە، چوار ڕۆژە لە بێ كارەبایی لەكار كەوتووە.

زۆزان بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە “هەوڵماندا كار بە مۆلیدەکانی لەسەر ڕووباری فورات بكەین بۆ ئەوە ئاو بۆ شاری كۆبانێ دابین بكەین، بەڵام میلیشیاكان لە کەنارەکەی دیکەدا ڕێگری دەكەن لە گەیشتنمان بە  شوێنی مۆلیدەکان.”

راشیكەیاند، وەک “چارەسەرێکی کاتی” ئاو لە بیرە کشتوکاڵییەکان وەردەگرن بۆ ئەوەی لە وێستگەی ئاوەوە بۆ گەڕەکەکان دابەشی بکەنەوە.

پەیامنێری نۆرس پرێس ڕایگەیاند، ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتوانی شارەکە پشت بە تانکەرەكان دەبەستن بۆ بەدەستهێنانی ئاو، ئەمەش قەیرانێکی گەورەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دروستکردووە.

کرێکارانی بەنداوەکە بانگەوازییان نارد بە مەبەستی پاراستنی ئەو بەنداوە، بەنداوەکە ٢٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مونبجەوە دورە و لە دوای بەنداوی فورات لە تەبقە بە دووەم گەورەتریین وێستگەی کارەبای سوریا دادەنرێت.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد