فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا و بەرپرسێکی بەرگری ئیسرائیل بارودۆخی سوریا تاوتوێ دەکەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئەمریکا، ڕایگەیاند، ژەنەڕاڵ مایکل ئیریك کورێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، لەگەڵ هێرزی هاڵیڤی، سەرۆکی ئەرکانی بەرگری ئیسرائیل و چەیند سەركردەیەكی دیكەی ئیسڕائیل سەبارەت بە بارودۆخی سوریا كۆیۆوە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کوریلا لە ١١ تا ١٣ی ئەم مانگەدا لەسەر بانگهێشتی هێرزی هاڵیڤی، سەردانی ئیسرائیلی کردووە.

ژەنەڕاڵ کورێلا لەگەڵ یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل و لیوا ئۆری گۆردین فەرماندەی فەرماندەیی باکووری هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل و لیوا تۆمەر بار فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل کۆبووەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، كە کوریلا چەند بابەتێكی ئەمنی و ناوچەیی لەگەل سەرکردەکانی ئیسڕائیل تاوتوێ کردووە، لەوانە بارودۆخی ئێستای سوریا و ئامادەکاری و هەڕەشەکانی ستراتیژی و ناوچەیی.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی جەختی لە هاوبەشی سەربازی بەهێزی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکانم بۆ ئیسرائیل و ئوردن و سوریا و عێراق و لوبنان، لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا، بینینی تەحەددییەكان و دەرفەتەکانی ئێستای بەهێزتر کرد.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژەنەڕاڵ کوریلا بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە دۆخی ئێستای لوبنان، و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ وەستاندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، سەردانی بارەگای فەرماندەیی باکووری ئەو وڵاتەی کردووە.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد