شاندێکی فەڕەنسا لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی کوردی – كوردی
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوو سەرچاوەی ئاگادار لە دیالۆگی کوردی – کوردی بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، شاندێکی فەڕەنسا لەگەڵ پارتی یەکێتی نشتیمانی کورد کۆبۆتەوە، بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگ لەنێوان پارتە سیاسییەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان.
مانگی تشرینی ڕابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندبوو، ئەمریکا پشتیوانی لە دیالۆكی کوردی – کوردی لە سوریا دەکات، خواستی خۆی بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتنی بەردەوام لەو چوارچێوەیەدا دەربڕی.
محەممەد موسا ئەمینداری گشتیی پارتی چەپی کورد لە سوریا ڕایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە شاندێکی فەڕەنسا لەگەڵ پارتەکانی یەکێتی نیشتمانی كورد کۆبووەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی.
سەرچاوەیەکی دیكەی بەشدار لەو دیالۆكەكە، کە پێی باشبوو ناوی ئاشکرا نەکرێت، ڕایگەیاند، شاندی فەرەنسا ئامادەیی پارتەكانی یەکێتی نشتیمانی کوردی دەربڕی بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا کە سەرپەرشتیاری سەرەکی گفتوگۆکەیە دوێنێ لە کۆبوونەوەكە ئامادە نەبووە.
محەممەد موسا و سەرچاوەکەی تر وردەکاری زیاتریان نەخستەڕوو و دەڵێن هێشتا گفتوگۆ دەكەن.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و کۆنتڕۆڵکردنی پایتەختی سوریا لەلایەن دەستەی تەحریر شام و گروپە چەكدارەكان، دەنگی جەماوەری كورد و سیاسییەكان بەرز بۆتەوە بۆ پێویستی دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی لە رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەوەی بەیەك دەنگی بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی سوریا بكەن.
جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٩، و بە سەرپەرشتی ئەمریکا، دەستپێشخەریی كرد بۆ لێكنزیككردنەوەی پارتە سیاسییەكانی كوردی رۆژئاوای كوردستان.