کۆمەڵەی مافی مرۆڤ: لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە تا ئێستا ١٦ هاوڵاتی لە هێرشەكانی توركیا کوژراون

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، کۆمەڵەی تەزەر بۆ قوربانییەکان رایگەیاند، ١٦ هاوڵاتی لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەدەوە كوژراون.

ئێوارەی دوێنێ، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەكانی کۆبانێ و عێن عیسا و زرەكان و تەل تەمری گوندەواری حەسەکە ژمارەیەک هاوڵاتی بوونە قوربانی.

کۆمەڵەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، “ئێوارەی یەکشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا گوندی موستەریحەی سەر بە شارۆچکەی عێن عیسای لە باکووری رەقە کردە ئامانج و بەهۆیەوە 12 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا کە 6یان منداڵ بوون، و ژمارەیەكیش برینداربوون”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لە هێرشێكی دیكەی توركیادا دوێنی دووشەممە، گوندەکانی شارۆچکەی زرەكان و گوندەواری کۆبانێی کردە ئامانج، کە تێیدا چوار هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە سێیان منداڵ بوون، و چوار کەسی دیکەش برینداربوون”.

ڕوونیشی کردەوە کە ناسنامەی قوربانییە مەدەنییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە، هەروەها “تاوانەکان بە وێنە و ڤیدیۆ بەبەڵگە كراون”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە تیشک دەخەنە سەر بەردەوامی توندوتیژی سیستماتیکی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەوەش ئازارەکانی دانیشتوانی ناوچەکە قوڵتر دەكات و زیاتر پاڵ بە ئاوارەبوون دەنێت.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، “توندوتیژییەكان بەرامبەر بە منداڵان، پێویستی بە هەڵوێستی نێودەوڵەتی بەپەلە هەیە بۆ وەستاندنی ئەم پێشێلکارییانە و لێپرسینەوە لەگەل ئەو کەسانەی ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن.”

داڕشتنەوەی: سەعد یازجی