ئەنجومەنی رەققە هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی راستەوخۆی ئاوی فورات
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرمانگەی ژینگە لە ئەنجوومەنی مەدەنی رەققە هۆشداریدا لە بەكارهێنانی راستەوخۆی ئاوی رووباری فورات، و رایگەیاند؛ میکرۆب و بەکتریای تێدایە، لە کاتێکدا کە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا لە زیادبووندایە.
لە 10ی ئەیلولدا، دەستەی تەندروستی بەڕێوبەری خۆسەر رایگەیاند، ئەو حاڵەتانەی کۆلێرا کە لە دێرەزوور و رەققە تۆمارکراون؛ بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەوە بووە.
محەممەد ئەلئیبراهیم، بەرپرسی نووسینگەی ژینگەی شاری رەققە رایگەیاند، ئاوی رووباری فورات بۆ خواردنەوە و بەکارهێنانی راستەوخۆی مرۆڤ گونجاو نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ نۆرس پرێس، کە “بەکارهێنانی ئاوی ڕووباری فورات بۆ خواردنەوە و پێداویستییەکانی دیکە مەترسیدارە، بەهۆی بوونی بەکتریا و میکرۆبی زیانبەخش لە ئاوەکەدا، کە بۆ خواردنەوە گونجاو نییە”.
دابەزینی ئاستی ڕووبارەکە بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی پیسبوونی، هەروەها ئاوەکە پێویستی بە پاڵاوتن و شیکاری هەیە پێش ئەوەی لەلایەن دانیشتووانەوە بەکاربهێنرێت، بەپێی وتەی “ئەلئیبراهیم”.
هۆشدارییەکانی فەرمانگەی ژینگە هاوکاتە لەگەڵ تۆمارکردنی حاڵەتەکانی کۆلێرا لە ناوچەکانی کەناری رووباری فورات؛ کە بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە دروست دەبێت.
سێشەممەی رابردوو، لیژنەی تەندروستی لە دێرەزوور رایگەیاند کە 184 حاڵەتی کۆلێرا و سێ حاڵەتی مردن لەنێو بەساڵاچوواندا، تۆمارکراون.
لە دوانزەی مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا، حوسێن ئەلجەرجەب، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاو لە رەققە رایگەیاند، كارەكانی فەرمانگەكەیان چڕكردۆتەوە لە چاودێریكردن و پاککردنەوەی ئاو، دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا لە رەققە و دێرەزوور.