زۆربەیان منداڵن.. بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر گوندەواری رەقە ١٢ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا

رەقە – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 12 کەس لە یەك خێزان كە زۆربەیان منداڵن، لە گوندەواری عێن عیسای باکووری شاری رەقە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا گیانیان لەدەستدا.

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، ڕایگەیاند، “سوپای داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە گوندی موستەریحەی ڕۆژئاوای شاری عێن عیسای لە کردە ئامانج”.

چالاکوانان ڤیدیۆی دوای هێرشەگەیان بڵاوکردەوە کە کۆمەڵێک تەرمی ئەو خێزانە لە گوندی موستەریحەی گوندەواری عێن عیسا نیشان دەدات.

ماوەی چەند ڕۆژێکە تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی، لە سێ قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر شاری مونبج دەستپێكردووە، و لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات كە كورد سەركردایەتی دەكات بەرپەرچیان دراوەتەوە.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان