بەهۆی وەرنەگرتنەوەی هاوڵاتیەکانیان دادگای ئەوروپا سەرکۆنەی فەرەنسا دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرکۆنەی فەرەنسای کرد کە رەتیکردووەتە دوو ژن لە کامپی هۆلەوە بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی؛ دوو ژنەکە هاووڵاتیی فەرەنسین و لە سەرەتای شەڕی نێوخۆی سووریا، لەگەڵ هاوژینەکانیان چوونەتە ئەو وڵاتە بۆئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بکەن.
دادگا ئەوروپییەکە دەڵێت، پێویستە حکومەتی فەرەنسا دەستبەجێ پێداچوونەوە بۆ داواکاریی دایک و باوکی دوو ژنەکە بکات بۆئەوەی رێگەیان پێ بدرێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. دەشڵێت، حکومەتی فەرەنسا وەکو پێویست بەدواداچوونی نەکردووە و بڕیاری رەتکردنەوەی گەڕاندنەوەیانی بە “هەڕەمەکی” داوە.
رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ داوایان لە دادگاکە کردبوو کە بە بڕیارێک فەرەنسا پابەند بکات بە گەڕاندنەوەی هەموو هاووڵاتییە فەرەنسییەکانی نێو کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام دادگاکە ئەوەی نەکرد.
دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە شاری ستراسبۆرگی رۆژهەڵاتی فەرەنسایە، لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، “نە یاسای نێوخۆیی و نە یاسای نێودەوڵەتی حکومەت ناچار ناکەن بە نوێنەرایەتیی هاووڵاتییەکانی هەنگاو بنێت و بیانگەڕێنێتەوە.”
بەڵام دادگاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە دۆخی سەلامەتی و تەندروستیی نێو کەمپەکان “بە نەگونجاو لەگەڵ ستانداردە بەرکارەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی” دابنرێن.
لە ئەنجامدا، دادگاکە ئەوەی خستووەتەڕوو، پێویستە بڕیاری رەتکردنەوەکەی فەرەنسا “لەلایەن لایەنێکی سەربەخۆ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت جیا لە دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات” بۆئەوەی دڵنیایی بدرێت کە بڕیارەکە بە هەڕەمەکی نەدراوە.
پێش ئەوەی پێداچوونەوەکە بکرێت، دادگاکە فەرمانی بە حکومەتی فەرەنسا کرد 18 هەزار یۆرۆ بە دایک و باوکی یەکێک لە ژنەکان و 13 هەزار و 200 یۆرۆ بە دایکوباوکی ئەوەی دیکەیان بدات.
باوکی یەکێک لە ژنەکان باسی لەوە کردووە، “یاسا سەرکەوت. هیوادارم ئەوان زستانێکی دیکە لەوێ بەسەر نەبەن، تەمەنی نەوەکەم تەنیا سێ ساڵ و نیوە.”
ئۆلڤیێر ڤێران، گوتەبێژی حکومەتی فەرەنسا رایگەیاندووە، “چاوەڕێی بڕیاری دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤمان نەکرد، چونکە ئەم هاوینە لە مانگی تەممووز، من لێرە بە ئێوەم راگەیاند، فەرەنسا رێکاری گرتووەتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی 16 ژن کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بوون، لەگەڵ 30 منداڵ. ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە یاساکانی پێداچوونەوە و گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی فەرەنسیمان گۆڕیوە کە هێشتا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریان. بۆیە دۆسیەی هەر کەسێک بە هۆشیارییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی گەڕاندنەوەیان لە دۆخێکی مرۆڤانەدا و بە سەلامەتی بکرێت. لە ئەنجامدانی ئەو کارەش بەردەوامین.”