دوای ئەوەی داعش لە سوریا دەستی بەسەر چەند شوێنێكدا گرت “هەسەدە” رێوشوێنی پێویستی دەگرتەبەر
حومس – نۆرس پرێس
دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” رایگەیاند كە دەستیان بەسەر ناوچەیەكی بەرفراوان گرتووە لە بیابانی حومس و دێرەزوور، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایان گەیاند، كە ڕێوشوێنی ئەمنی دەگرنەبەر بۆ رێگركردن لە فرەوانبوونی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە.
لە چەند رۆژی رابردودا لە سوریا شەر و پێكدادان لە نێوان هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لەلایەك و دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرای پێشوو) و میلیشیاكان لەلایەكی دیكەدا دروست بووە.
لە بەیاننامەیەکدا “هەسەدە” ڕایگەیاند، “داعش داگیركرنی ناوچە بەرفرەوانی لە بیابانی حومس و دێرەزوور ڕاگەیاندووە، و دەستی بەسەر زۆرێک لە شارەکان و شوێنە ستراتیژییەکاندا گرت كە پێشتر لەژێر دەستی حكومەتی دیمەشق بوو،لە کاتێکدا ڕێکخراوەکە هەوڵدەدات ناوچە ناپارێزراوەكانی دیكەش داگیر بكات”.
ئاماژەی بەوەشكردووە: ڕێوشوێنی پێویست و توندیان گرتووەتەبەر و ئەگەر نزیكی رۆژئاوای كوردستان بكەون ئەوە بە توندی وڵامیان دەدرێتەوە، و ناهێڵن سیناریۆی 2014 دوبارە ببێتەوە.