بەهۆی پاشماوەکانی جەنگ دوو کەس لە دێرەزوور بوونە قوربانی
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی جەنگ لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، گەنجێک گیانی لەدەستدا و منداڵێکیش برینداربوو.
سەرچاوەیەکی خۆجێی ئاشکرای کرد، گەنجەکە ناوی ئەیمەن ئەحمەدە وتەمەنی (19 ساڵ)ە، لەبەردەم ماڵەکەی لە شارۆچکەی عەباسی رۆژهەڵاتی دێرەزوور، ویستویەتی کەرەستەی جەنگ بکاتەوە و پێیدا تەقیوەتەوە و گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجەکە لەگەڵ خێزانەکەی لە لازقیە بوو، دوو ڕۆژ لەمەوبەر گەڕاوەتەوە بۆ پاککردنەوەی ماڵەکە بۆ ئەوەی خێزانەکەی بگەڕێنەوە ئەو شارۆچکەیە.
لە شارۆچکەی عەشاڕەش، منداڵ بەناوی عەبدولوەهاب فەتاح کە تەمەنی (١١ ساڵ)ە بەهۆی تەقینەوەی گوللە هاوەنێک برینداربوو.