شرۆڤەکارێكی عێراقی: هێرشی میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆن و تەحریر شام بۆ سەر حەلەب هەمان سیناریۆی کەوتنی موسڵە لە 2014
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ شەممە، شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراقی رایگەیاند، هێرشی میلیشیاكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای سەر بە توركیا و دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرای پێشتر) بۆ سەر حەلەب و ئیدلب “تەحەدایەکی گەورەیە بۆ ئاسایشی ناوچەکە”، دەڵێت ئەوە “هەمان سیناریۆی کەوتنی موسڵە لە ساڵی ٢٠١٤”.
لە ڕۆژی چوارشەممەوە میلیشیاكانی دەستەی تەحریر شام و ئۆپۆزسیۆنی سوریای سەر بە توركیا، هێرشیان بۆ سەر ناوچەكانی ژێردەسهەڵاتی حكومەتی دیمەشق لە گوندەواری حەلەب و ئیدلب دەسپێكردووە.
ئیبراهیم سەڕاج لە لێدوانێكیدا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، عێراق چەند ڕێکارێکی گرتەبەر بۆ ئەوەی کاردانەوەی هێرشەکە نەگاتە سنورەكەی، ئاماژەی بەوەشکرد کە “دیواری ئەمنی و ستراتیژی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.”
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە عێراقییە ئاماژەی بەوەشكرد، حکومەتی عێراق بە وریاییەوە مامەڵە و چاودێریی دۆخی ئەمنی دەکات و ژووری ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی لەگەڵ سووریادا هەیە.
سەڕاج راشیگەیاند، کاتی هێرشەکە ٤٨ کاتژمێر دوای ئاگربەستی لوبنان بووە، و دەڵێت “واشنتۆن و ئیسرائیل هەوڵدەدەن ناوچەکە بکێشنە ناو ململانێ بۆ كەمكردنەوەی تواناكانی میلیشیاكان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێگاپێدانی ئەنقەڕە بۆ ئەوەی میلیشیاكان هێرشبكەنە سەر حەلەب و ئیدلب، “پەیامێکە بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریکا کە پشتگیری لە ستراتیژی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات”.