مەسرور بارزانی و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا تاوتوێی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەند پرسێکی گرنگ دەكەن

هەولێر – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد.

لە کۆبوونەوەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچکردنی نایاسایی تاوتوێ کرا.

بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆکی حکومەت کرد و بە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووی ناوبرد.

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، هەروەها ئاماژەی بە پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان دا، وەک هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیژیی وڵاتەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.

سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانی و هاریکاریی شانشینی یەکگرتوو دەربڕی و خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دووپات کردەوە.

هەر لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، تاوانی ڕێکخراو و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و سیستەمی بانکی و بەتایبەتی پرۆژەی (هەژماری من) ئاڵوگۆڕ کرا.

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئێوارەی دوێنێ جوارشەممە، گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرد، و لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لە “هاوکاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو، کۆچی نایاسایی، بازرگانی بە مرۆڤ، سپیکردنەوەی پارە و تاوانی ئەلیکترۆنی” کردووە.