ڕێکخراوێکی تورکی و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ئۆردوگایەكی نوێ بۆ عەرەبە هاوردەكان لە عەفرین دروست دەكەن
عەفرین – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، نۆرس پرێس وێنەی ئۆردوگایەكی نوێ لە شاری عەفرینی داگیركراوی، لە رۆژئاوای كوردستان دەستکەوت، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی “ئافاد”ی تورکی و کۆمەڵەی پزیشکی “Medics Worldwide” دروستکرا.
کۆمپانیای “Medics Worldwide” مۆڵەتی لە تورکیا هەیە و بارەگا سەرەکییەکەی لە ئەستەنبوڵە، لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا نووسیویەتی کە لە کەرتی تەندروستی کاردەکات و خزمەتگوزارییەکانی “خۆپارێزی، چارەسەر، فریاگوزاری، چاکسازی و گەشەپێدان” لە سەرتاسەری جیهاندا پێشکەش دەکات.
وێنەی ئەو شوێنانەی بڵاوکردۆتەوە کە لە رۆژئاوای كوردستان و مالیزیا و کەرتی غەززە و چەند شوێنێکی تر دروستی كردوون.
سەرچاوەیەک کە لە یەکێک لە ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی کار لەلایەن توركیاوە بەڕێوەدەبردرێت لە عەفرین، ئاشکرای كرد، ئەو ئۆردوگایە نوێیە لە 40 خانوو پێکهاتووە لە دارستانی گوندی كەفیرەی سەر بە شاری عەفرین، بۆ عەرەبەكانی ناوچە جیاوازەكانی سوریا دوروست كراوە.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، خانووەكان بەسەر خانەوادەی ئەندامانی میلیشیای “ئەبو نور ئۆزبەكی” دابەش دەكرێن، كە سەر بە میلیشیای “فیرقەی حەمزە”ی سەر بە میلیشیای “جەیش وەتەنی”ن و سەر بە هێزەكانی توركیان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە ٢٠٠ خانووی دیکە لە هەمان شوێنی دروست بكرێت.