سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئێران بۆ ناردنی چەک تونێلی لە نێوان سوریا و لوبنان دروستکردووە
دیمەشق – نۆرس پرێس
شەوی دووشەممە، سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، كە ئێران بە هاوکاری لەگەڵ حزبوڵای لوبنان، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین تونێلی نهێنییان لە سەرانسەری خاکی سوریادا دروستكردووە بۆ ئەوەی چەکی پێشکەوتوو بۆ ئەو حزبە دابین بکات.
وتەبێژی عەرەبی سوپای ئیسرائیل، ئاڤیچای ئادرایی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی “X” رایگەیاند، ئەو چەکانەی کە بۆ حزبوڵا دابین دەکرێن هەزاران مووشەک و پێکهاتەکانی تری شەڕن.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێران خاکی سوریا بۆ ناردنی چەک و قاچاخچێتی دەقۆزێتەوە، ئەویش بە هاوکاری بەرپرسانی سوریا”.
ئادرایی ئاماژەی بەوەشکرد، “یەکەی 440”ی حزبوڵا بەرپرسیارە لە ڕێکخستنی بەقاچاخبردنی چەک بۆ لوبنان.
ئاماژەی بەوەشکرد، “سەرکردە دیارەکانی یەکەی 440” کرانە ئامانج، لەوانە محەممەد جەعفەر قەسیر لە بەیروت و جێگرەكەی عەلی حەسەن غەریب، لە دیمەشق، ئەوەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە وردەکانی سوپای ئیسرائیل”.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە هێرشە ئاسمانییەکان “تونێلێکی ستراتیژییان کردۆتە ئامانج کە 3.5 کیلۆمەتر لە نێوان سوریا و لوبنان، کە نزیکەی بە 10 ساڵ دروستكرابوو، ئەمە جگە لە لێدانی کۆگا و دامەزراوەکانی گواستنەوەی چەك”.