داعش لە سوریا هێرشی كردە سەر میلیشیاكانی ئێران
دێرەزوور– نۆرس پرێس
چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” دوو هێرشییان كرد سەر بارەگاكانی میلیشیاكانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی حومسی ناوەڕاستی سوریا، و لەئەنجامدا لانیکەم حەوت ئەندامی میلیشیاكانی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوەیەکی سەربازی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دەیان چەکداری داعش بە چەکی قورس و مامناوەند هێرشیان کردە سەر بارەگای سەربازی لیوای فاتمییونی ئەفغانستان و سوپای پاسدارانی ئێران، لە بیابانی ڕۆژهەڵاتی حومس، لە نێوان شارۆچکەکانی تەدموڕ و سەخنە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشەكەدا پێكدادانێكی توند لە نێوان داعش و میلیشیاكان روویدا، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو ئەندامی میلیشیاكانی ئێران و برینداربوونی ئەوانی ژمارەیەك.
بەپێی سەرچاوەکە، سوپای پاسدارانی ئێران داوای پشتیوانی سەربازی كرد بۆ ناوچەی پێکدادانەکە، و لە ڕێگا چەكدارانی داعش بۆمبیان لەسەر رێگای كاروانە سەربازییەكان چاندبوو.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشكرد، بۆمب بە زیاتر لە سێ ئۆتۆمبێلی سەربازی میلیشیاكانی ئێران تەقییەوە، لە ئاکامدا پێنج ئەندام کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.