ئەمڕۆ64 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی منداڵانی عامودێدا تێدەپەڕێت
عامودێ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ 64 ساڵ بەسەر ڕووداوی گڕگرتنی سینەمای عامودا-دا تێدەپەڕێت، کە تێیدا 280 منداڵی کورد قەقنەس ئاسا سووتان و بوونە خۆڵەمێش.
64 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ 13-11-1960, حکومەتی سووریا بۆ یادکردنەوەی شۆڕشی جەزائیر، 500 منداڵی لە قوتابخانەکانی عامودێ بردە هۆڵێکی سینەماوە لەو شارە، کە هۆڵەکە خۆی لە بنەڕەتدا تەنها 200 کورسی تێدابوو، لەوکاتەدا هۆڵی سینەماکە گڕ دەگرێت و 280 کەس، کە 200یان منداڵ بوون، بەهۆی کاریگەری زۆری سووتانەوە، گیانیانلەدەستدا و تەنها 12 منداڵ دەرباز بوون و ئەوانی دیکەش هەموویان بەهۆی سووتانەوە کەمئەندام بوون.
هەر لەو ساڵەدا رۆژنامەیەکی ئیتالی بەو کارەساتە دەزانێت و بە دروستکردنی تابلۆیەک کە گوزارشت لە روداوەکە دەکات، وێنەی روداوەکە لە لاپەڕەی یەکەمیدا بڵاو دەکاتەوە.
لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ، حکومەتەکانی سووریا لەئاست ئەو کارەساتەدا بێدەنگن!.
چیرۆکی ئاگركەوتنەوەكە
64 ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵکوژییەک لە شاری عاموێی ڕۆژئاوای کوردستان رویدا، لە 13ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1960 بەڕێوەبەری عامودێ بڕیاریدا منداڵانی عامودێ ببەنە تەماشای فیلمی “تاوانی نیوە شەو” کە لەبارەی شۆرشی جەزائیرەوە بەرهەم هێنرابوو، هەرچەندە ژمارەیەک منداڵ و خێزانەکانیان رەتیانکردەوە و نایانەوێت لە سینەما تەماشای فیلمەکە بکەن، بەڵام نزیکەی 500 منداڵی خوێندنگەیەکی سەرەتایی بران بۆ سینەما.
دەرگاکانی سینەماکە داخران و منداڵان چاوەڕوانی نمایشکردنی فیلمەکە بوون، لە چاوتروکانێکدا ئاگرێکی گەورە لەپشت پەردەی سینەماکە کەوتەوە، دواتر ئاگرەکە بە خێرایی گەیشتە پەردەکانی دیواری سینەماکە و هەموو چواردەوری سینەماکەی گرتەوە، سینەماکە کە لە خشت درووستکرابوو، لە ماوەیەکی کەمدا گڕی گرت و داڕما.
پاش دوو کاتژمێر هێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، بەڵام تا ئاگرەکە کوژایەوە 280 منداڵی کورد، کە تەمەنیان لە نێوان 8 بۆ 14 ساڵاندا بوون سووتان و کۆمەڵکوژییەکی تر بۆ مێژووی تاڵی گەلی کورد زیادی کرا.
بە پێی وتەی هەندێک لەو منداڵانەی کە ڕزگارکران، هەموو دهرگاکان داخرابوون و منداڵانی کورد یەک بە یەک وەک قەقنەس دەسووتان و دەبوون بە خۆڵەمیش.
ئەو منداڵانەی لە کۆمەڵکوژیی عامودا-دا گیانیان لەدەستدا، لەلایەن بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستانەوە بە شەهیدی شۆڕش ناسێنران.