“هەسەدە” دەستگیرکردنی ١٧ ئەندامی داعشی راگەیاند
حەسەكە – نۆرس پرێس
هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” رایگەیاند كە دوێنێ شەممە و ئەمڕۆ یەکشەممە، 17 ئەندامی شانەکانی داعشیان لە کەمپی هۆلی گوندەواری باکووری حەسەکە دەستگیركردووە، ئەویش لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا کە هەفتەی ڕابردوو دەستیان پێکرد.
“هەسەدە” لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 10 ئەندامی داعشیان دەستگیرکردووە کە ” كردەوەی تیرۆریستییان ئەنجامداوە” و خۆیان بۆ هێرش ئامادە دەکرد.
دوێنێ شەممەش، دەستگیرکردنی حەوت ئەندامی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوەیان ڕاگەیاند.
چوارشەممەی ڕابردوو، “ژووری ئۆپراسیۆنی ئەمنی هەمیشەیی”، کە پێکهاتووە لە هێزەکانی “هەسەدە” و ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان و یەکینەکانی پاراستنی ژنان، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند، بۆ بەدواداچوونی و دەستگیركردنی شانەکانی داعش.
لە ڕاگەیەندراوەکەی “هەسەدە”دا هاتووە، لە کاتی گەڕان لە بەشی “ژنانی ئەو رێكخراوە” لە کەمپی هۆل، تەرمێكی شێوێندراوی ژنێكی دانیشتووی كەمپەكە دۆزراوەتەوە، و نیشانەی ئەشکەنجەی پێوە دیاربوو، و دەركەوت كە لەلایەن ژنانی بەناو “حەسبا” کوژراوە.”
ئاماژەی بەوەشکرد: هێزەکانمان هەوڵدەدەن ناسنامەی ژنەکە دیاریبکەن و لێکۆڵینەوەیان دەستپێكردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هێزە ئەمنییەکان دوو تونێلی شاردنەوەی چەک و ئەندامانی داعشیان لەنێو كەمپەكەدا دۆزیوەتەوە، لە بەشی “ژنانی رێكخراوەكە” ئەمە جگە لە بڕێک لە پێداویستی سەربازی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەشت ژنی داعش كرا، و دەركەوت لە ماوەی رابردوودا دەستیان لە تۆقاندن و ئەشکەنجەدان هەبووە.