
“هەسەدە” هەوڵی هەڵهاتنی شانەکانی “داعش”یان لە کەمپی هۆل پووچەڵكردەوە
حەسەكە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” ڕایگەیاند، هەوڵێكی هەڵاتنی شانەکانی داعشیان لە کەمپی هۆلی گوندەواری باکووری حەسەکەی رۆژئاوا كوردستان پووچەڵکردووەتەوە، و 16 ئەندامی ڕێکخراوەکەیان دەستگیرکردووە.
چوارشەممەی ڕابردوو، “ژووری ئۆپراسیۆنی ئەمنی هەمیشەیی”، کە پێکهاتووە لە هێزەکانی “هەسەدە” و ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان و یەکینەکانی پاراستنی ژنان، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان بۆ بەدواداچوونی و دەستگیركردنی شانەکانی داعش ڕاگەیاند.
ژووری ئۆپراسیۆنی “ئەمنی هەمیشەیی” لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی “هەسەدە”دا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی پشکنیندا، ئەندامانی داعش هەوڵیانداوە لە نێوان بەشەكانی كەمپەكە خۆیان بدزنەوە و هەڵێن، “بەڵام هەموو هەوڵەکان شکستیان هێنا و دەستگیرکران”.
“هەسەدە” ڕایگەیاند، ١٦ ئەندامی شانەکانی داعش دەستگیرکراون و دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.
بەپێی بەیاننامەکە، هێزە ئەمنییەکان دوو تونێلی شاردنەوەی چەک و ئەندامانی داعشیان لەنێو كەمپەكەدا دۆزیوەتەوە.