“هەسەدە” دەستگیرکردنی ٤٠ ئەندامی داعشی لە ئۆپەراسیۆنی کەمپی هۆل ڕادەگەیەنێت

حەسەكە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکردنی 40 ئەندامی شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”یان ڕاگەیاند، ئەوەش وەک دەرئەنجامی سەرەتایی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی لە کەمپی هۆل و دەوروبەری گوندەواری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان.

دوێنێ چوارشەممە، “ژووری ئۆپراسیۆنی ئەمنی هەمیشەیی”، کە پێکهاتووە لە هێزەکانی “هەسەدە” و ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان و یەکینەکانی پاراستنی ژنان، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان بۆ بەدواداچوونی و دەستگیركردنی شانەکانی داعش ڕاگەیاند.

ژووری ئۆپراسیۆنی “ئەمنی هەمیشەیی” لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی “هەسەدە” بڵاویکردەوە رایگەیاند، هێزەكانمان هەڵیانكوتایە سەر ژمارەیەک خانوو کە ئەندامانی داعش وەک پەناگە بۆخۆیان بەکاریان دەهێنا.

ئاماژەی بەوەشکرد: پێكدادان لەگەل دوو شانەی تیرۆریستی رویدا، كە ئەندامانی ئەو شانەیە دەستیان بەتەقەكردن كرد، و هێزەکانی ئۆپەراسیۆن یەکێک لە تیرۆریستەکانیان كوشت ویەكێكیش برینداربوو.

لەبەیاننامەكەدا هاتووە،”هێزە بەشداربوو” لە ئۆپەراسیۆنەكەدا، ٤٠ ئەندامی داعشیان دەستگیركرد، و دەستیان بەسەر ژمارەیك چەک و تەقەمەنیدا گرت.”

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی “ژووری ئۆپەراسیۆنی ئەمنی هەمیشەیی”، ئۆپەراسیۆنەكە لە ناوچەكانی باکوری هۆل و ناوچەیەکی بەرفراوانی گوندەواری باشوور، لەنێویاندا ناوچە سنوورییەکانی سوریا و عێراق و دەیان ئەشکەوتی سروشتی لە ناوچەکە كە داعش خۆی تێدا حەشاردابوو، كۆتاییهات.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە