یونسکۆ: لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەر چوار ڕۆژ جارێک ڕۆژنامەنووسێک دەکوژراوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

رێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکان “یونسکۆ” ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، زۆرینەی ئەو لایەنانەی دەستیان لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا هەبووە تا ئێستا سزا نەدراون.

ڕاپۆرتەکەی یونسکۆ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کۆتاییهێنان بە سزا نەدانی تاوانەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان، هات کە دەکەوێتە ٢ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی ساڵانی 2022-2023دا هەر چوار ڕۆژ جارێک ڕۆژنامەنووسێک دەكوژرا، لە كاتی ئەنجامدانی ئەركەكەی خۆیدا لە گەڕان بەدوای ڕاستییەکان.

بەگوێرەی یونسکۆ، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، کەس لێپرسینەوە لە ئەو كەسانە نەكردووە كە دەستیان لە کوشتنی ڕۆژنامەنووساندا هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، 85%ی كوشتنی ڕۆژنامەنووسان کە لە ساڵی 2006ەوە لەلایەن یونسکۆوە تۆمارکراون، بە چارەسەرنەکراو دادەنرێت.

راشیگەیاند، “لە ماوەی ساڵانی (٢٠٢٢-٢٠٢٣)دا بە گشتی ١٦٢ ڕۆژنامەنووس کوژراون، و نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیە لەو وڵاتانەدا ڕوویانداوە کە ململانێ و شەڕی تێدایە، لە کاتێکدا لە ساڵانی (٢٠٢٠- ٢٠٢1) ٣٨% بوو.

لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆربەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کوژراون لە وڵاتانی دیکە بوون, ئەویش لەكاتی ئەنجامدانی کارەکانیان کە ڕووماڵی تاوانی ڕێکخراو و گەندەڵییان کردووە یان لە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر خۆپیشاندانە گشتییەکان.

لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکی خراوەتە سەر ژمارەی کوژراوانی ژنە ڕۆژنامەنووسەکان، كە بەرزترین ژمارەی تۆماركرد لەدوای 2017دا كە 14 ژنی ڕۆژنامەنوس كوژراون.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە