
700“ موشەك”.. ئەنجومەنی سەربازی مونبج زیانی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكەی ئاشکرا دەکات
مونبج – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە ئەنجوومەنی سەربازی مونبجی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئاماری مانگی رابردووی بۆردومانەكانی تورکیا بۆ سەر شاری مونبج و گوندەكانی دەوروبەری ئاشکرا کرد.
لە بەیاننامەیەکدا هاتووە، هێزەکانی تورکیا لە ڕێگای تۆبخانەكانەوە ٦٨٩ جار گوندەكانی مونبجی بۆردومانكردووە، هەروەها بە 3 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژكراو هێرشیان ئەنجامداوە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سەیادە و یەکێکیش لە عەرەب حەسەن تەقیوەتەوە.
هەروەها شاری مونبج بە 18 مووشەکی كراوەتە ئامانج، کە گوندەکان “جەڕاد، موحسەنلی، عەون دادات، دەڕج و جات” بۆردومانكراون، هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گوندەکانی “عەرەب حەسەن، موحسنلی، جات، عەون دادات، جەڕاد، بوهیج، توخاڕ، و هۆشەرییە”یان كردۆتە ئامانج.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ هاوڵاتی سڤیل لەو هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە و 11 هاوڵاتیش برینداربوونە و دوو سەربازیش شەهیدبوون.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنەکانی وەڵامدانەوەی هێزەکانی ئەنجومەن سەربازی مونبج، 17 سەربازی تورکیا، و 10 ئەندامی میلیشیاكانی سەر بە ئەنقەرەیان كوشتووە، هەروەها 15ی كەسی دیكەش برینداربوونە.