دێرەزوور.. لە دوو هێرشی جیاوازدا سێ ئەندامی میلیشیاكانی ئێران كوژران

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی رابردوو، سێ چەکداری میلیشیاكانی ئێران لە دوو هێرشی جیاوازدا کوژران، یەكێك لە هێرشەكانی بۆردومانی فڕۆكەی جەنگی بوو و پێدەچێت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامی دابێت، کە سەرکردەیەکی میلیشیاكانی ئێرانی كردە ئامانج لە ڕۆژهەڵاتی شاری دێرەزووری ڕۆژهەڵات سوریا.

سەرچاوەیەكی سەربازی لە هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە دێرەزوور ڕایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی گروپێکی ئێرانی کردە ئامانج لەکاتی ئامادەكردنی سەکۆیەكی مووشەکی لە نزیک قوتابخانەی شارۆچکەی مەزڵوم لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشكرد، لەم هێرشەدا سەرکردەی گرووپی “فیدائی ئەلبەكیر” “محەممەد خەلەف ئەلبەكیر” و ئەندامێکی دیکە بە ناوی “عەفاش خاتر” کوژران.

ئەندامێکی دیکە ئەو میلیشیانە بە ناوی “جلود ئەلشەعێتی”، دوای نیوە شەوی سێشەممە، لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی رایە لە شارۆچکەی سەبیخانی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا، بەمە ژمارەی كوژرانی ئەو میلیشیانە لەماوەی 24 كاتژمێر، دەبێتە 6 كەس كە لەنێویاندا دوو سەركردە هەبوون.

دوێنێ، سەرکردەیەکی میلیشیای “سوپای هۆزەكان”ی سەر بە ئێران، لەگەڵ دوو ئەندامی دیكە، لە گەڕەکی جوڕەی دێرەزوور، بە بۆمبێكی جێندراو.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان