“هەسەدە” کوشتن و بریندارکردنی سەربازانی تورکیا و میلیشیاكانی رادەگەیەنێت
حەسەكە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” کوژرانی ژمارەیەک سەرباز و ئەندامانی میلیشیاكانی توركیایان لە حەسەكە راگەیاند.
لە دوێنێ چوارشەممەوە، تورکیا بۆردومانێكی توندی بە فڕۆكە و توپخانەكان كردۆتە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، كە بۆتە هۆی زیانگەیاندن بە زۆرێك لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان، و زیانی گیانی لێكەوتۆتەوە.
“هەسەدە” لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردۆتەوە، رایگەیاند، “لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی ڕەوا بۆ هێرشە دڕندانەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، هێزەکانمان دوو ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوویان ئەنجامدا کە بنکەی هێزەکانی تورکیا و بارەگایەكی میلیشیاكانی سەر بە ئەنقەرەیان كردە ئامانج، لەنزیك گوندەکانی عەنیق هەوا و داودییەی گوندەواری زرەكانی سەر بە سەرێ كانیێ.
ڕوونیشیکردەوە، لەو دوو ئۆپەراسیۆنەدا ژمارەیەک سەربازی توركیا و میلیشیاكانی كوژران و ژمارەیەكیشیان برینداربوون.