هێرشكرایە سەر کۆمپانیای دروستكردنی فڕۆکەی بێ فڕۆكەوان تورکیا
هەولێر – نۆرس پرێس
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێرشكرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی دروستكردنی فڕۆکەی بێ فڕۆكەوان تورکیا، و لە ئەنجامدا كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.
لە شارۆچکەی قەهرەمان کازانی ئەنقەرە، هێرشێک کرایە سەر وێستگەی پیشەسازیی هێزی ئاسمانیی تورکیا ناسراو بە “توساش”.
ئاژانسی ئانادۆڵ بڵاویکردەوە، “لە وێستگەکە تەقینەوە روویداوە و دەنگی تەقەش بیستراوە” ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزی ئەمنی و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە رەوانەی ناوچەکە کراون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیرى ناوخۆى تورکیا، لە هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، هێرشەکە تیرۆریستی بووە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
لە وێستگەکە کە رووبەرەکەی چوار ملیۆن مەتر دووجایە، نزیکەی 15 هەزار کارمەند کاردەکەن و تیایدا فڕۆکە، هێلیکۆپتەر، درۆن و درۆنی چەکدار بەرهەم دەهێنرێت.