دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند، فەتحوڵا گولەن، پیاوی ئایینی تورکیا لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.
فەتحوڵا گولەن بزووتنەوەیەکی ئیسلامی بەهێزی لە تورکیا و دەرەوەی دامەزراند و حکومەتی تورکیا تۆمەتباری دەکات بەوەی کە لەپشت هەوڵی کودەتا “شکستخواردووەكەی” ساڵی ٢٠١٦دا بووە، گولەنیش هەمیشە ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە.
گولەن لە ساڵی 1999 ڕووی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، و میدیاکانی تورکیاش ڕایانگەیاندووە کە ئەو دوژمنی سەرسەختی ئەردۆغان بووە.
هەرچەندە لە ڕابردوودا هاوپەیمانێکی نزیکی ئەردۆغان بوو، بەڵام لەو کاتەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا هەستی كرد بە مەترسییەکانی بزووتنەوەی گولەن، تۆمەتباری کرد بەوەی هەوڵی دامەزراندنی قەوارەیەکی هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لەناو ئەو وڵاتەدا دەدات.