لە ساڵیادی تیرۆرکردنی هەڤرین خەلەف… “مەسەدە” جەخت لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لەگەل تاوانباران دەکات

رەقە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ” مەسەدە” داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، لێپرسینەوە لەگەل ئەو كەسانەی بكرێت، كە دەستیان لە تیرۆرکردنی سکرتێری گشتی پارتی سوریای ئایندە و ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی “مەسەدە”، هێڤرین خەلەف، هەبووە.

پێنج ساڵ لەمەوبەر میلیشیای ” جەیش وەتەنی” سەر بە تورکیا، ئەو سیاسەتمەدارە كوردە و شۆفێر و پاسەوانەكانییان، لەکاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر شارەکانی سەرێ كانێ و گرێ سپی تیرۆر کرد.

لە بەیاننامەیەکدا، “مەسەدە” داوای کردووە “سزاکانی سەر تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەو كردەوە تیرۆریستییە فرەوانتر بكرێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەو كەسانە بگرێتەوە كە دەستیان لەو تاوانە هەیە.”

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو تاوانانەی كە میلیشیاكانی ئۆپۆزسیۆنەی سوریای سەر بە تورکیا ئەنجامیانداوە، و بە تایبەت تاوانەكانی میلیشیای “ئەحرار شەرقییە كە لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتی دایە، پێشێلکردنێكی ئاشکرایە و سەرجەم نۆرم و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پێشێلكردووە و تاوانێکی جەنگییە کە بە دەنگی و ڤیدیۆ بەڵگەدارکراوە .”

بەپێی بەیاننامەکە، تیرۆرکردنی هەڤرین خەلەف “هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئەو ڕێبازە سیاسییە ئاشتیانەی کە هێزەکانی گۆڕانی دیموکراسی لە سوریا گرتویانەتەبەر “.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە