میلیشیای “عەمشات”ی سەر بە توركیا سەدان دار لە عەفرینی داگیركراو دەبڕێت
عەفرین – نۆرس پرێس
میلیشیای “سلێمان شا”ی ناسراو بە “عەمشات”ی سەر بە توركیا، سەدان داریان لە دارستانەکانی ناوچەی عەفرین رۆژئاوای كوردستان بڕیوە، بۆ ئەوەی لە وەرزی زستان بۆ خۆگەرمكردنەوە لەناوچەكانی دیكەی سوریا بیانفرۆشن.
دیمەنی دارستانەكە بە وێنە و ڤیدیۆ دەست نۆرس پرێس كەوتووە، كە دەریدەخەن دارەکان بە ئامێری تیژ لە رەگەوە بڕدراون، سەرچاوە ناوخۆییەکانیش باس لەوە دەکەن کە میلیشیاكە زیاتر لە هەزار دار سنەوبەریان لەو دارستانەدا بڕیوە کە دەکەوێتە باشووری قەزای مەعبەتلی لە گوندەواری عەفرینی داگیركراو.
سەرپەرشتیاری بڕینی دارەكانی جوتیارە كوردەكان بەرپرسێکی ئەمنی میلیشیای عەمشاتە بە ناوی “ئەبو غازی”، و دواتر لەلایەن بەرپرسانی ئەو میلیشیایە دەنێردرێتە بازاڕەکانی ئیدلب.
هاووڵاتییانی ناوچەكە ڕایانگەیاندووە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا میلیشیاكان دەیان جووتیاری كوردیان ناچارکردووە کە ئامێرەکانی خۆیان بهێنن بۆ ئەوەی بەدەستی خۆیان دارەكانیان ببڕن.
“عەمشات” پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە لە پێشێلكاری و وەرگرتنی سەرانە لە جووتیارانی كورد لە ناوچەکەدا، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا هێرشی کردە سەر ئەو ژنانە كوردانەی کە لە گوندی كاخرێ، ناڕەزایەتییان دەربڕی لەبەرامبەر پێشێلكارییەكان و نەدانە سەرانە بەو مییشیایە.