بنکەی سەربازی ئەمەریکا لە بەغدا بۆردومانكرا

هەولێر – نۆرس پرێس

بنکەی سەربازی ئەمەریکا لە بەغدا بە دوو مووشەکی کاتیۆشا بۆردومانكر، و “محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای كردووە لە ماوەی 48 کاژێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوە و کەمتەرخەمەکان ئاشکرا بکرێن”.

میدیاى فەرمیی عێراق بڵاویکردەوە شەوى رابردوو دوو مووشەکى کاتیۆشا ئاراستەى چەند پێگەیەکى نێو فڕۆکەخانەى بەغدا کران.

شانەى راگەیاندنى ئەمنى عێراق بە میدیاى فەرمیی عێراقى راگەیاند، یەکێک لەو مووشەکانە لە پارکی تایبەت بە فەوجى دووى هێزەکانى دژەتیرۆر کەوتووە، مووشەکەکەى دیکەش لە گۆڕەپانێکى نێو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی بەغدا کەوتووە.

راشیگەیاند، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکى جۆرى کیا دا گرتووتەوە، کە سەکۆى ئاراستەکردنى ئەو کاتیۆشایانەى لەسەر بووە.

ئەو ئۆتۆمبێلە لە گوندى عەسریە لە ناوچەى عامرییەى بەغداى پایتەخت دەستى بەسەردا گیراوە، چەند مووشەکێکى تێدا بووە، کە نەتەقێندراون و چەند مووشەکێکى دیکەش لە نزیک ئۆتۆمبێلەکەدا تەقیونەتەوە.

یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند “محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری ناوخۆی راسپارد لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکەی بەغدا بکات و داوای كردووە لە ماوەی 48 کاژێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوە و کەمتەرخەمەکان ئاشکرا بکرێن”.