18  ئەندامی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە نزیک سنووری سووریا و عێراق کوژران

دێرەزوور – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بۆردومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ سەر بارەگا سەربازییەكان و ماڵی سەرکردەیەکی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا، 18 ئەندامی ئەو میلیشیانە كوژران.

سەرچاوەیەکی سەربازیی نزیک لە سپای پاسداران ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە هێرشێکی ئاسمانیدا، ماڵی سەرکردەیەکی سپای پاسدارانی ئێرانی کردە ئامانج لە شارۆچکەی هەریی گوندەواری ئەلبوكەمالی ۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکە بووەتە هۆی کوژرانی سەركردەیەك و سێ ئەندامی میلیشیاكە.

بەپێی سەرچاوەکە، فڕۆکە جەنگییەکان لەهێرشی دیكەدا باڵەخانەی گەشەپێدانی گوندەکان و بینای ڕادار لە گەڕەکی هەڕابش و بارەگای سپای پاسداران لە گەڕەکی بوڕ سەعیدیان لە شاری دێرەزوور كردە ئامانج، بەهۆیەوە كوژرانی 14 كەس و برینداربوونی ژمارەیەك.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشی دیكەش كرایە سەر بارەگا سەربازییەکانی میلیشیاكانی ئێران لە شاری ئەلمەیادیین و فڕۆکەخانەی حەمدان لە ئەلبوكەمال، بەڵام تا ئێستا ژمارەی قوربانییان نەزاندراوە.

لە ئێستادا شار دێرەزوور هێوربوونەوەیەکی بەخۆوە بینیوە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و میلیشیاكانی سەر بە ئێران، و هێزەكانی هاوپەیمانان لەو شارەدا كەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشی لە بنکەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات.

دوێنێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی نەناسراو بەسەر کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر و غازی کۆنیکۆ، لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر دەسوڕانەوە، کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەوێ جێگیرکراون، سەرچاوەیەک بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تۆپی ڕوناكییان هەڵدایە ئاسمانی ناوچەكە، و هێزەکانی موشەکی دژە فڕۆکەیان ئڕاستەی فڕۆكەكە كرد.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان