بەڕێبەرایەتی خۆسەری دەنگۆی دامەزراندنی بانکی ناوەندی لە رۆژئاوای كوردستان ڕەتدەکاتەوە

ڕەقە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان، دەنگۆی دامەزراندنی بانکی ناوەندی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لە رۆژئاوای كوردستان ڕەتكردەوە.

هەفتەی ڕابردوو میدیاكان ئەو هەواڵەیان بەڵاو كردەوە، کە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر سەرقاڵی ئەوەن بانکی ناوەندی بە پشتیوانی ئەمریکا- ئۆردن دابمەزرێنن.

عەبدولغەنی هەمۆ، هاوسەرۆکی فەرمانگەی ناوەندیی دراو و پارەدان لە رۆژئاوای كوردستان، بە نۆرس پرێس راگەیاند، بانکی ناوەندی لە رۆژئاوای كوردستان نییە.

هەمۆ ئاماژەی بەوەشكرد، کە فەرمانگەی ناوەندی دراو و پارەدان کاردەکات “وەک بریکاری دارایی بۆ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر، و ئەرکەکانی بریتین لە پێشکەشکردنی ڕاسپاردە بۆ سیاسەتە دراوی و داراییەکان و ڕێکخستنی سیستەمی پارەدان و مۆڵەتدان بە دامەزراوەکانی ئاڵوگۆڕی دراو”.

ئەو بەرپرسە داراییە ئاماژەی بەوەشكردووە، کە ئەمە ژینگەیەکی دارایی سەلامەت و سەقامگیر دروست دەکات.

ئامادەکردنی: زانا ئەلعالی – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان