“داعش” شەهیدکردنی 6 ئەندامەکەی هەسەدە بە تۆڵەی کامپی هۆل ناودەبات
رەققە – نۆرس پرێس
شەوی یەکشەممە، ناسێنەرانی نزیک لە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) رایانگەیاند؛ ئۆپەراسیۆنەکەی دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە گوندەواری دێرەزوور،”تۆڵەی” بنەماڵەکانیانە لە کامپی هۆل.
رێکخراوەکە رایگەیاند؛ شەش ئەندامی “هەسەدە”یان لە گوندەواری دێرەزوور کردوتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا تا ئێستا هەسەدە هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو رووداوە نەداوە.
ناسێنەرەکان گرتەڤیدیۆییەکیان بڵاوکردەوە؛ شەش کەس دەردەکەون کە کەسێکی چەکدار لە پشتەوەیانە؛ دیمەنەکە ئەوە پیشان دەدات کە ئەو یەکێکە لە ئەندامانی داعش؛ بە زاراوەی ناوخۆیی هاوار بە سەر گەنجەکاندا دەکات.
پێش ئەوەی تەقە لە شەش کەسەکە بکات، چەکدارەکە دەڵێت؛ ئەو “تۆڵەی خوشکە دیلەکان دەکاتەوە” وەک ئاماژەیەک بۆ ژنی ئەندامانی داعش لە کەمپی هۆل.
ئۆپەراسیۆنی ئەمنی کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە لە بیست و پێنجی مانگی ڕابردوەوە دەستیپێکردووە لە کامپی هۆل، بەردەوامە؛ کە ئامانج لێی راوەدوونانی شانەکانی داعشە، ئەمەش دوای پەرەسەندنی توندوتیژی لەناو کامپەکەدا.
هێزەکانی ئاسایشی رۆژاڤا رۆژانە دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکان رایدەگەیەنن کە لە ئەنجامدا سەدان گومانلێکراو دەستگیرکران و چەکی زۆر و تونێلیان لەناو کامپەکەدا دۆزیوەتەوە.
بەپێی چاودێری نۆرس پرێس، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە 130 ئۆپەراسیۆن دژ بە “هەسەدە” راگەیاندووە، کە زۆربەیان لە دێرەزوور بوون.