ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات “تاوانەکان”ی میلیشیاكانی توركیا رابگرێت
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، لە بەیاننامەیەکدا، ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، فشار بخەنە سەر میلیشیاكانی توركیا، و رێگرییان لێبكەن بۆ ئەوەی “تاوان” لەدژی هاوڵاتییانی كورد ئەنجام نەدەن لە شارە داگیركراوەكانی رۆژئاوای كوردستان.
ئەم لێدوانەی ئەنجومەنەکە دوای ئەوە هات کە ژنان گوندی كاخڕە لە گوندەواری عەفرین خۆپیشاندانیان لە دژی میلیشیاكانی توركیا ئەنجامدا، بەهۆی ئەوەی میلیشیاكان باجیان بەسەر دار زەیتونەكانی ئەو ناوچەیە سەپاندبوو، و میلیشیاكانی “سولەیمان شا” کە بە “عەمشات” ناسراون، خۆپیشیاندانەكەیان سەرکوت كرد.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا ئەو كردەوەی بە “پێشێلکاری و تاوانە ترسناکانەی زۆرێك لە میلیشیاكان” وەسفی کرد.
ئەنجومەنەکە داوای لە “کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە فشار بخاتە سەر توركیا و میلیشیاكان بۆ وەستاندنی ئەم تاوانانە، و داوای لە تورکیا کرد ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بەو پێیەی ئەو ناوچانە لە ڕوی سەربازی و ئیدارییەوە لژێر دەستی توركیادایە.
بەپێی بەیاننامەکە، ئەنجومەنی نیشتمانی كورد ئاماژەی بەوەش کردووە کە میلیشیای “جەیش وەتەنی” زنجیرەیەک “پێشێلکاری سیستماتیکی ئەنجامداوە هیچ جیاوازییەكی نیە لەگەل تاوانی دژی مرۆڤایەتی”.