حەسەکە.. ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی ئاوارەکان لە ناوەندەکانی داڵدەدان و چارەسەرکردنی کێشەیەک کە ساڵانێکە بەردەوامە

حەسەكە – نۆرس پرێس

بەڕێوبەرایەتی کەمپی سەرێ كانیێ لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان، ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی كەمپێكی نوێ بۆ ئەوەی ئاوارەكانی نێو قوتابخانەكان و ناوەندەکانی داڵدەدان بگوازێتەوە.

عەبدولڕەزاق محەممەد، هاوسەرۆکی کەمپی سەرێ كانیێ ڕایگەیاند، قۆناغی یەکەمی دامەزراندنی کەرتێكی نوێی كەمپ بۆ ئاوارەكان تەواو كراوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا کارەکان بەردەوامە بۆ تەواو كردنی قۆناغەكانی دیكەش.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کەرتی نوێی کەمپەکە پێكدێت لە ٤٠ چادر بۆ نزیکەی ٢٢٠ کەس، لەگەل لە دروستکردنی قوتابخانەیەک.

لای خۆیەوە محەممەد عوبەید، کارگێڕ لە لیژنەی بەدواداچوونی قوتابخانەکان لە ئەنجومەنی شارەوانی حەسەکە ڕایگەیاند، 1363 خێزان کە دەكەنە نزیكەی 7300 کەس لە 38 قوتابخانەی حەسەکە و دەوروبەری نیشتەجێن.

ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن كردووە و خوێندکارانی ئەو قوتابخانانە ناچار بوون بچنە قوتابخانەکانی دیکە.

عوبەید بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشكرد، “لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە مرۆییە سەختە، ناچار بووین كە نزیکەی 43 خێمە لە قوتابخانەکاندا دابمەزرێنین بۆ ئاوارەكان”.

ئامادەکردنی: دلسوز یوسف – داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە